News and Events‎ > ‎

كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی بەراوردكاری نێوان زمانی كوردی و زمانی عەرەبی بەڕێوەچوو

posted Jul 15, 2018, 11:30 AM by Mohammed Najmalddin Wadi


ئەمڕۆ 15-7-2018، بەئامادەبوونی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی  پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بورنو ئایوبیر باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و چەندین پسپۆڕو توێژەری بواری زمانەوانی، هەردوو زانكۆی سلێمانی/ كۆلێژی زمان- بەشی زمانی كوردی و زانكۆی بەغدا/ كۆلێژی پەروەردەی ئیبن روشید، لە هۆڵی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەشی نێوان هەردوو زانكۆ، بە دروشمی (توێژینەوەی بەراودكاری لە نێوان زمانی كوردی و زمانی عەرەبیدا)  دەستیپێكرد.

سەرەتای كۆنفرانسەكەش بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان و دەستیپێكرد، دواتر لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتاری زانكۆی سلێمانی خوێندرایەوە كە تەئكیدی لەسەر گرنگی ئەنجامدانی ئەم جۆرە كۆنفرانسە زانستییانە كردەوەو رایگەیاند: زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی سەرەكی عیراقن و پەرەپێدانیان لە رووی ئەكادیمی و زانستییەوە كاری گرنگی زانكۆكانی عیراقە، بۆیە پێویستە توێژینەوەكان لەبواری زمانەوانی بەتایبەت لەسەر زمانی عەرەبی و كوردی پەرەی زیاتریان پێدرێت.
 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند: پێگومان زمان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە میلەتێكی پێدەناسرێتەوەو یەكێكە لە شوناسنامە گرنگەكان بۆ هەر میللەت و دەوڵەتێك كە هۆكارێكە بۆ لێكتێگەیشتن و یەكێكیشە لە بنەما گرنگەكانی دروستبوونی هەر دەوڵەتێك.
وتیشی: سەرباری جیاوازی ڕیشەیی و بونیادی زمانی كوردی و عەرەبی، بەڵام لە چەندین ڕوی ترەوە دەچنەوە سەریەك، یەكەمین ڕاستیش ئەوەیە، كە زمانی عەرەبی تەنها زمانێكی نەتەوەیی نی، بەڵكو قالبی ڕۆشنبیری و كەلتورێكی ئاینیشە، كە هەمومان تیایدا بەشدارین و، بۆ سەدان ساڵ زانایانی كورد و كۆمەڵگەكەشی بەو زمانە قسەیان كردوە و، ئەدەبیانی كلاسیكی ئێمەش پریەتی لەو شیعرانەی كە شاعیرانمان بەشانازییەوە بەزمانی عەرەبی دەربڕیان لە هەست و سۆزی خۆیان كردوە.
دواتر د. یوسف  گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێشكەشكردو رایگەیاند: كە ئەركی زانستخوازانی زمانی كوردی و عەرەبی، جگە لە گەڕاندنەوەی شكۆی زانستی  بۆ ئەو پەیوەندییەو نەهێشتنی سیاسەتی شۆڤینیەكان و ڕزگاركردنی زمانەوانیە لە دەست ئایدەلۆژیا، لەهەمان كاتدا ئەركێكی نیشتمانیمان لە ئەستۆیە، بەتایبەت لە ئێستادا، كە زەمینەی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتیش لە عێراقدا لە هەمو كات لەبارترە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی سروشتی پەیوەندی زمانی كوردی و عەرەبی و ئاڵوگۆڕی زانستی و كاری هاوبەش.
د.یوسف گۆران بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بارودۆخی زمان لە سەدەی نوێ لە ئێراق و بۆ ئەوەش ڕونكردنەوەی زیاتری داو وتی: سەدەی بیست وەك چۆن سەدەی ناسیۆنالیستی توندەڕەو بو لە ئێراق، بەهەمان شێوە سەدەی بەسیاسیبونی زمانیش بوە، سەردەمی شێواندنی ئەم بوارە مرۆیی و شوناسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییە بوە، سەدەی وێرانكردنی دۆخی سروشتی گەشەكردنی نەتەوە و كۆمەڵگە بوە لە رێی وێرانكردنی دۆخی سروشتی زمانەوه، وتیشی بۆ بیانكردنەوەی متمانەو ئاسیكردنەوەی خودی ژیان لەم وڵاتە یەكێك لە بوارە هەرە گرنگەكانی بواری زمان و بایەخپیدانیەتی، ئەوەشی ڕاگەیاند: كە كاتی ئەوە هاتوە لە بری سیاسیەكان خوێندكارانی زمان و مامۆستایانی زمانەوانی دەستپیشخەربن لە كاری هاوبەش و زانستی بۆ پێشخستنی زمانەكانیان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بەتایبەت لە سەردەمێكدا كە بەهۆی گەشەكردنی تەكنەلۆجیا پەیوەندی جیهانگیرییەوە، هەمو زمانێك ڕوبەڕوی گرفتی تازە و تەحدای نوێ بۆتەوە، ڕونیشیكردەوە، كە لەو چوارچێوەیەدا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام و بەپێیی توانا لە پاڵ بایەخدان بەزمانی كوردی، بایەخمان بەزمانەكانی دیكە داوە‌‌، چونكە پێمان وابوە زانستی زمان وەك هەر بوارێكی دیكە زانستێكی جیهانیە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەشی زمانی سریانیمان لە زانكۆی سەڵاحەددین كردەوە، چونكە یەكیك لە زمانە گرنگەكانی و دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی مێژوی گرنگ، لەهەمان كاتدا بۆ بایەخدان بەزمانی كوردی ئەمساڵ بۆ یەكەمین جار بەرنامەی (كوردش سكۆلەرشیپ)مان ڕاگەیاند، كە بەهۆیەوە خوێندكارانی بیانی دەتوانن بێنە كوردستان و فێری زمان و ئەدەب و كەلتوری كوردی ببن.
پاشان پانێڵەكانی كۆنفرانس دەستی پێكرد كە تێیدا هەریەك لە بورنو ئایوبیر باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و پڕۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ پسپۆڕو نوسەرو توێژەر و هەروەها د. فەرەیدون عەبدول بەرزنجی مامۆستای زانكۆو چەند پسپۆڕێكی تری زمانەوانی و سەرۆكی كۆمەڵەی ئەدیبانی عیراق چەند وتارێكیان پێشكەش كردو پانێڵی یەكەمی كۆنفرانسەكە بە وتووێژو گفتوگۆی كراوە لەسەر بنەماكانی زمان و بەراورد كاری لەنێوان زمانی كوردی و عەرەبی كۆتایی پێهات .
 دواتر بەپێی پرۆگرامەكانی كۆنفرانس پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پانێڵی دووەمی كۆنفرانس بەردەوامی دەبێت، بۆ سبەینێ دووشەممە  16-7-2018  رۆژی دووەم و كۆتایی كۆنفرانس چەندین توێژینەوەی زانستی لەسەر زامانی كوردی و عرەبی پێشكەشدەكرێن.
Comments