new feeds‎ > ‎

سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی و راگرایەتیی كۆلێجی زمان خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشنە ٩ مامۆستای خانەنشینی كۆلێجی زمان

posted Mar 1, 2021, 9:15 AM by Trifa ahmed   [ updated Mar 1, 2021, 9:21 AM ]

بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی شكۆی زانست و نرخاندنی هەگبەی زانستی مامۆستایان. ئەمڕۆ( ١/٣/٢٠٢١ ) لە مەراسیمێكی شایستەدا، بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی خوێندنی باڵاو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی، ڕاگری كۆلێجی زمان، خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی و ڕاگرایەتیی كۆلێژی زمانەوە بەخشرایە (٩) مامۆستای خانەنشینكراوی كۆلێژی زمان.

مەراسیمەكە بە ساتێك وەستان بۆ  گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی  (پ.ی.د.ڕەزا حەسەن حسێین)، وتەیەكی تایبەت بە وەفاداری بۆ زانست و بەرزنرخاندنی خزمەتی زانستی مامۆستایانی خانەنیشنكراوان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد، بەڕێزیان ڕایانگەیاند، كە "وەك سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی خۆمان بە قەرزارباری ئەم مامۆستایانە دەزانین، كە چەندین ساڵە خزمەت بە زانكۆی سلێمانی دەكەن و لە ئێستاشدا دەتوانین سود لە تواناكانیان وەربگرین و ڕاوێژیان پێبكەین، بۆیە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی زانكۆ وەك وەفایەك و رێزێك بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان بە ئەركی خۆی دەزانێت لەم مەراسیمەدا رێز لەم مامۆستا بەڕێزانە بنێت"، دواتر ڕاگری كۆلێجی زمان (پ.ی. د. شاخەوان جەلال حاجی فەرەج) لە وتەكەیدا سەبارەت بە ڕێزی مامۆستایانی خانەنشینكراوان، جگەلە ئاماژەدان بە خەرمانی پڕ زانستییان، جەختشی لەوە كردەوە كە مامۆستایان بە نووسینی نامەو تێزو سەرچاوە ئاكادیمییەكان و وەرگرتنی پۆستی كارگێڕی جیاواز خزمەتی هەمەجۆرییان پێشكەش بە زانكۆی سلێمانی كردووە، هەر بۆیە ئەستەمە لەڕێی چەند پەیڤێكەوە پێزانین و وەفادارییان بەرجەستەبكرێت.

هەر لە میانەی مەراسیمەكەدا وتەی مامۆستایانی خانەنشینكراوان بەگرنگزانراو هەریەك لە( پ.د. محمد محوی) و (پ. د. عەبدولوەهاب) وتەی خۆیان پێشكەشكرد.

لە كۆتایی مەراسیمەكەدا قەڵغانی رێزلێنان، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی و ڕاگرایەتیی كۆلێژێ زمانەوە ئامادەكرابوون، بەخشرایە سەرجەم مامۆستایانی خانەنشینكراوان، كە پێنج مامۆستای حانەنشینی بەشی كوردی و دوو مامۆستای خانەنیشینی بەشی عەرەبی بوون، هەروەك لە كۆتایی ڕاپۆرتەهەواڵەكەدا خراوەتەڕوو.


پرۆفیسۆر دكتۆر فائق مصطفی أحمد ساڵی 1977 ماستەر و دكتۆرای لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی قاهیرە بەدەستهێناوە، لە زانكۆكانی موصل، سلێمانی، كۆیە، كەركوك و تكریت وەكو مامۆستا و سەرپەرشتیار كاریكردووە، لە ساڵی ٢٠١١ بە مامۆستای یەكەمی زانكۆی سلێمانی هەڵبژێردراوە، ناوبراو خاوەنی چەندین سەرچاوەی زانستییە.


پ. د. ئەنوەر قادر محمد، ساڵی ١٩٨٠ بڕوانامەی ماستەری لە وڵاتی روسیا لە كۆلێژی رۆژنامەنووسی زانكۆی لینینگراد وەرگرتووە، پاشان تێزی دكتۆرای لە ئەنجومەنی زانستیی كۆلێژی رۆژهەڵاتی هەمان زانكۆ لە بواری ئەدەبی كوردیدا بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠١٧ لە زانكۆی سلێمانیی كۆلێژی زمان-بەشی كوردی مامۆستا بوون، شایەنی ئاماژەكردنە ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەمی زانستییە.


پ.د. محمد عبدولفتاح حمە سعید، لە ساڵی ١٩٨٦ بڕوانامەی ماستەری لە وڵاتی نەمسا لە زانكۆی سازبۆرگ وەرگرتووە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٩ لە هەمان زانكۆ دكتۆرای لە بورای زانستی زمان تایبەت بە رستەسازی بەدەستهێناوە.  لە زانكۆی سلێمانی بۆ بە سانداركدرندنی زمانی كوردیی كاریكردووە، ماوەی ٢٠ ساڵ لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمان-زانكۆی سلێمانی، مامۆستا بووەو  لە بواری زانستی زماندا، خاوەنی چەندین سەرچاوەی زانستییە.



پ.د. عبدولوهاب عبدولله چروستانی، لە ساڵی ١٩٩٩ بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی سلێمانی وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی دكتۆرای لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی موستەنسرییە بەدەستهێناوەو تێزی دكتۆراكەی وەك كتێب بە چاپگەیەنراوە.

پ.د. فازیل مەجید مەحمود، لە ساڵی ١٩٩٠ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی كوردیدا، لە بەشی كوردی كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەدەستهیناوە، لە كۆلێژی ناوبرودا ماوەی ٤٥ ساڵ خزمەتی زانستیان تۆماركردووە

پ. د. عبدولقادر حەمە ئەمین، ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلیژی زمانی زانكۆی سلێمانی وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری هاوچەرخی كوردیدا، لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەدەستهیناوە، ماوەی ٢٠ ساڵ لە زانكۆ مامۆستا بووەو خزمەتی زانستی كردووە.

پ.د. فارووق عومەر صدیق، لە ئێنستیوتی زانستی زمانی ئەكادیمیای زانستی سۆڤێت، دكتۆرای لە زمانناسیدا وەرگرتووە، لە نووسینی لێكۆڵینەوەو باسی زمانناسیدا بایەخیداوە بە زمانناسی گشتی، گراماتیك، سیمانتیك، لیكسیكۆلۆژی، فریزیۆلۆژی و ئیتمۆلۆژی. لەو بوارانەدا خاوەنی چەندین سەرچاوەی زانستییە، ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەیە.

پ.د. محمد دلێر ئەمین مجمد، ساڵی ١٩٨٩ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی كوردیدا لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمان-زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، شایەنی ئاماژەپێكردنە لێكۆڵینەوەكەی بەڕێزیان یەكەم تێزی دكتۆرا بووە، كە لەسەر ئاستی زانكۆی سلێمانی گفتوگۆكراوە، ناوبراو خاوەنی تۆماری ٣١ ساڵ لە خزمەتی زانستین.


پ. د. مەحموود فەتحوڵا ئەحمەد، ساڵی ١٩٨٨ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی سەلاحەدین وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ جارێكی دیكە بڕوانامەی ماستەری لە وڵاتی سوید لە زانكۆی Gothenburg بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دامەزراوەیەكی زانستی لە شاری لەندەن، بووەتە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری زانستی زمانیی كوردیدا، ناوبراو ١٨ ساڵ لە زانكۆی سلێمانی بەشی زمانی كوردیی كۆلێژی زمان مامۆستا بووە.

 



Comments